ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان لە نێوان گرووپە چەکدارەکان لە سوەیدا لە باشووری سووریا 37 کەس کوژراون و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕوانگە سووری ڕوونی کردەوە، توندوتیژییەکان لە پارێزگای سوەیدا چڕبوونەتەوە، ئەمەش لە دوای ڕفاندنی گەنجێکی درووزی لەسەر ڕێگای خێرا کە دیمەشق و شاری سوەیدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
بەگوێرەی ئاماری ڕوانگە سووری، لانیکەم 27 کەسی پێکهاتەی درووز کوژراون، لەگەڵ 10 ئەندامی پێکهاتەی بەدەوی، هاوکات زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگری سووریا هێزی سەربازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکانی ئەو ناوچە ناردووە.