کۆمپانیای DNOـی نەرویجی رایگەیاند، دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ کردوەتەوە و بەشێکی نەوتەکەش لەڕێگەی تانکەرەوە دەگوازێتەوە و بە کۆمپانیاکانی ناوخۆ دەفرۆشرێت.
کۆمپانیای DNOـی نەرویجی کە لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ و پێشخابور لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکردووە، بەرهەمهێنانی کێڵگەی سەرەکی تاوکێ لە کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت لەو کێڵگەیە بەرهەمدەهێنێت، ئەوەش دوای داخستنی ماوەی چوار مانگ کە بەهۆی داخستنی رێڕەوی هەناردەکردنی بۆرییەکانی عێراق-تورکیا دەستیپێکرد.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بڕە نەوتەی کە بەرهەمی دەهێنێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێندرێت و بە نرخێکی کەمتر بەراورد بە رابردوو لە بازاڕەکانی ناوخۆ مامەڵەی پێوە دەکرێت.
کۆمپانیاکە دەڵێت، نیوەی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەی تاوکێ رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و نیوەکەی دیکەشی بە تانکەر دەگوازێتەوە و بە کۆمپانیاکانی ناوخۆ دەیفرۆشێت.
بیژەن رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای DNOـی رایگەیاندوە، پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریەوە بە ناڕوونی ماوەتەوە، بۆیە چاویان لەوەیە بە رێگەی تانکەر نەوتەکە بگوازنەوە.