وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەفغانستان رایگەیاند، دوای ئەوەی لە رۆژی هەینی لافاوێکی بەهێز ناوچەکانی باغلان و بۆرکای لە ئەفغانستان گرتەوە، بە هۆیەوە 350 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و 600 کەسیش بریندار بوون. دەشڵێت، “پێشبینی دەکرێت بە هۆی رووخانی ماڵ و باڵەخانەکانەوە ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزتر ببێتەوە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەفغانستان لەبارەی زیانەکانی ئەو لافاوەی چەند رۆژێکە وڵاتەکەی گرتووەتەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، رۆژی هەینی لافاو و زریانێکی بەهێز، باکووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە، تا ئێستاش بەوهۆیەوە 350 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 630 کەسیش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، لافاوەکە زیانی بە 10 ناوچەی ئەفغانستان و باغلان و بۆرکا گەیاندووە، کە لە ئەنجامدا 665 ماڵ رووخاون و هەزار سەر ئاژەڵیشی لەناوبردووە، پێشبینیش دەکرێت ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوون و زیانە مادییەکان بەرزتر ببنەوە.
باس لەوەش کراوە، داوا لە رێکخراوی هاوکاری وڵاتانی ئیسلامی کراوە کە هاوکاری مرۆیی و تەندروستی بگەیەندرێتە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، بەهۆی کەمی خۆراک و نەبوونی بنکەی تەندروستییەوە. وتیشی، “بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە، دانیشتوانی ئەو ناوچەیە مەترسییان لەسەرە و پێویستە بە زووترین کات هاوکاری مرۆی و مادی بکرێن”.
لەو بارەیەشەوە، ئیبراهیم عومری راوێژکاری کۆچ وکۆچبەرانی سەرۆکی تاڵیبان لە باغلان رایگەیاند، زیانێکی زۆری مرۆیی بەر ناوچەکانی باکووری باغلان و بۆرکا گەشتووە و پێویستە هاوکاری مرۆیی پێسکەش بە دانیشتوانی ناوچەکە بکرێت بەر لەوەی کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە.