وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی سووریا ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێكەوتی ٣١ـی تەمووزی ٢٠٢٥، سەردانی مۆسکۆ دەکات، ئەمەش یەکەم سەردانی فەرمی بەرپرسێکی حکوومەتی نوێی سووریایە بۆ رووسیا لە دوای لادانی بەشار ئەسەد.
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە ئاژانسی تاس-ی رووسیای ڕاگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشوازی لە ئەسعەد شەیبانی، هاوتا سوورییەکەی دەکات بۆ گفتوگۆکردن لە مۆسکۆ.
لە بەیاننامەکەی زاخارۆڤادا هاتووە، هەردوولا پەیوەندی دووقۆڵی تاوتوێ دەکەن، جگە لە “پرسە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان”.
تا ئێستا هیچ لێدوانێک لە لایەنی سووریاوە سەبارەت بە سەردانەکە نەدراوە.
رووسیا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی بەردەوام لایەنگری بەشار ئەسەدی دەکرد، هەروەها بە پاڵپشتییە سەربازییەکانی، یارمەتی ئەسەدی دا بۆ ماوەی ساڵانێک لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، تاوەکو لە ٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، هێزەکانی تەحریر شام توانیان دەست بەسەر دیمەشقی پایتەختی سووریادا بگرن و کۆتایی بە دەسەڵاتی ٥٤ ساڵەی ڕژێمی ئەسەد بهێنن. دوای ڕووخانی كهوتنی دیمهشقیش، بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو رووسیا هەڵات.