هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی بەشێكی دیکە لە ناکۆکییەکانیان لەسەر یاسای هەڵبژاردن کۆببنەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی تەبا کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی دووشەممە 6ـی ئادار دواخراوە.
28ی مانگی رابردوو هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە هەولێر(ئەربیل) کۆبوونەوە و رایانگەیاند، لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن، کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و تۆماری دەنگدەران گەیشتوون بە رێککەوتن، لەئێستاشدا تەنها کورسی پێکهاتەکان جێگەی ناکۆکی نێوانیانە و لەکۆبوونەوەی داهاتوودا کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتەش دەکەن.
بڕیاربوو ئەمڕۆ لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری هەولێر، دووەمین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو حزب ئەنجام بدرێت و تیایدا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بکرێت کە ئایا بۆ 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان هەرێم یەک بازنە بێت یان چوار بازنە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو دواخراوە.