وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، مانگی کانوونی دووەمی رابردوو زیاتر لە 101 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە داهاتەکەی 7 ملیار و 663 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-02-2023، وەزارەتی نەوتی عێراق راپۆرتی کۆتایی لەبارەی داهات و بڕی هەناردەکراوی نەوتی لە مانگی کانوونی دووەم ئاشكراکرد و رایگەیاند: “کۆی ئەو نەوتەی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2023 بەپێی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت ناسراو بە سۆمۆ هەناردەکراوە؛ 101 ملیۆن و 245 هەزار و 95 بەرمیل بووە و داهاتەکەشی 7 ملیار و 663 ملیۆن و 788 هەزار دۆلار بووە.”
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، مانگی رابردوو 98 ملیۆن و 460 هەزار و 50 بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی باشوور و ناوەڕاست و 2 ملیۆن و 475 هەزار و 516 بەرمیلیش لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بەرهەم هاتووە و لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرە، خۆر زوبێر و بەندەری جەیهان و کەنداوەوە هەناردە کراوە.
بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی عێراقیش لە مانگی رابردوودا بە 75 دۆلار و 695 سەنت فرۆشراوە.
شایەنی باسە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022دا، عێراق 103 ملیۆن و 281 هەزار و 459 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەشی 7 ملیار و 708 ملیۆن و 556 هەزار دۆلار بووە. هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، عێراق 99 ملیۆن و 686 هەزار و 29 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردبوو، کە داهاتەکەی 8 ملیار و 189 ملیۆن و 602 هەزار دۆلار بوو، هەر بەرمیلێک نەوت بە 82 دۆلار و چوار سەنت فرۆشرابوو.