کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دوو بەربژێرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى سزا دا و دەبێت یەکێکیان ٥ ملیۆن دینار و ئەوى دیکەشیان دوو ملیۆن دینار پێبژاردن بدات، ئەوەش بەهۆى دەستپێکردنى بانگەشەى پێشوەخت بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە ٣١ى ئابى ٢٠٢٥ دەریکردووە، بڕیاری داوە بە سزادانى عەلى ئەنهیر ئەبو زینە، بەربژێرى هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە سنوورى پارێزگاى بەغداد کە لەلایەن محەمەد شەیاع سوودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە سەرکردایەتى دەکرێ و سزاکە پێبژاردنە بە بڕى پێنج ملیۆن دینار.
سزادانى ئەو بەربژێرە بەگوێرەى بڕگەى دوو لە مادەى دووى رێنوێنییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنە کە تایبەتە بە سەرپێچیکردن لە دەستپێکردنى بانگەشە بەر لە وادەی خۆی یان لە دواى راگرتنى بانگەشە.
ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە بڕیارێکى دیکەدا سزای ئوسامە جبوورى، بەربژێرى لیستى هاوپەیمانی خزمەتی لە سنوورى پارێزگاى نەجەف دا بە دوو ملیۆن دینارى پێبژاردن، بەهۆى سەرپێچیکردنى رێنماییەکانى تایبەت بە بانگەشەى هەڵبژاردن و دەستپێکردنى بەر لە ماوەى دیاریکراو.
هێشتا کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رۆژى دەستپێکردن و کۆتاییهاتنى بانگەشەى هەڵبژاردنى بۆ پەرلەمانى عێراق رانەگەیاندووە کە دەکەوێتە قۆناغى دواى پەسندکردنى ناوى بەربژێرەکان.
نزیکەی ٨٠٠٠ کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێرکردبوو، بەڵام زیاتر لە ٦٠٠ بەربژێریان گۆڕدراون یان بە هۆکاری جیا جیا دوورخراونەتەوە.
ئەو هەڵبژاردنە لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێ، هەر پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردنە.