یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی رایگەیاند، ئەستێرەی پۆڵەندی رۆبەرت لێڤاندۆڤسکی پەیوەندیی بەو یانەیەوە کردووە و بڕیار وایە دوای شکنینی پزیشکی یاریزانی ناوبراو گرێبەستەکە واژووبکات و لە ریزەکانی بارسێلۆنا دەست بە مەشقەکانی بکات.
هاوکات باس لەوەشکراوە کە گرێبەستەکە دوای رێککەوتنی یانەی بایەرن میونخ ـی ئەڵمانی و بارسێلۆنا بووە، بڕیار وایە لیڤاندۆڤسکی سبەی بچێتە ئەمریکا و لەوێ بەشداری بکات لە کەمپی بارسیلۆنا، دواجار پشکنینەکانیشی هەر لەوێ بۆی دەکرێت.
تا ئێستا نرخی گرێبەستەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دەزگا وەرزشییەکانی ئەڵمانیا باسیان لەوەکردووە کە گرێبەستەکە بە بڕی 45 ملیۆن یۆڕۆ واژووکراوە و 5 ملیۆن یۆڕۆش وەکو دیاری پێشکەشی دەکرێت.
ساڵی 2014، لیڤاندۆڤسکی لە یانەی بروسیا دۆرتموندەوە پەیوەندیی بە یانە باڤارییەکە کردبوو، لەو ماوەیەدا 375 یاریی ئەنجامدا و 344 گۆڵی تۆمارکرد، شایەنی باسە 72 گۆڵیشی بۆ هاورێکانی دروستکردووە.