فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و هاتنی بەلێشاوی خۆپیشاندەران بۆ ناو ناوچەی سەوز، بڕیاریدا لە کاتژمێر 3:30ی خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی جێبەجێ بکرێت.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 29-08-2022، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “هێزەکانمان قەدەغەی هاتووچۆی گشتگیر لە بەغداد رادەگەیەنن کە ئۆتۆمبێل و جووڵەی هاتووچۆی پیادەش دەگرێتەوە و لە کاتژمێر 3:30ی خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت”.
دوای بڕیارەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بۆ وازهێنانی لەکاری سیاسی، خۆپیشاندانی لایەنگرانی ئەو رەوتە لە بەغداد بەردەوامی هەیە و لایەنگرانی رەوتی سەدر دەیانەوێت بەرەو ناوچەی سەوز بڕۆن، لە بەرامبەریشدا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەروازەکانی ناوچەی سەوزی داخست و داواشی لە خۆپیشاندەران کرد دەستبەجێ بکشێننەوە.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان رایدەگەیەنێت، داوا لە خۆپیشاندەران دەکات دەستبەجێ لە ناوچەی سەوز بکشێننەوە و پابەندبن بە پاراستنی ئارامی و رێگربن لە هەر جۆرە پێکدادانێک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان.