نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکە رایەگەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە درا، دوێنێ چوارشەممە 20ـی ئەیلوول، محەممەد شیاع سوودانی لە نیویۆرک چاوی کەوت بە ئیبراهیم رەئیسی و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد.
سوودانی لە دیدارەکەدا ئامەژی بە پێویستی خێراکردنی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا کرد.
سەرۆکوەزیرانی عێڕاق جەختی لە “گرنگی چەسپاندنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لە بوارە جیاجیاکاندا، لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دراوسێدا کردووەتەوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە سوودانی جەختی لەوە کردەوە، هەرگیز رێگە نادات خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت، هەروەک چۆن سازش لەسەر ئاسایش و سەروەری عێراق رەتدەکاتەوە.
راشیگەیاند، دەبێت هەموو ئەو کێشانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەن وتوێژیان لەسەر بکرێت، بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانەکان.