بانکى ناوەندیى عێراق بڕیاری دا بە ئاسانکردنى رێوشوێنەکانى بۆ خستنەڕووى دۆلار لە رێگەى زیادکردنى دەروازەکانى فرۆشتنى دۆلار ئەویش بە زیادکردنى پشکى ئەو دەروازانەى بانکەکان و زیادکردنى بڕى دۆلارى فرۆشراو. ئەو هەنگاوەش لە سبەى پێنجشەممەوە دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـى کانوونى یەکەمى 2022، بانکى ناوەندیى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، رێوشوێنەکانى خستەڕووى دۆلاریان ئاسانکردووە، ئەویش لە رێگەى زیادکردنى دەروازەکانى فرۆشتنى نەختینەیی دراوى بیانى (دۆلار) بە رێگەى زیادکردنى پشکى دەروازەى بانکەکان، دەستیش دەکرێت بە زیادکردنى ئەو بڕى دۆلارەى وەریدەگرن.
بانکى ناوەندى ئاماژەى بەوەشداوە، دەروازەى بانکەکان فراوانتر دەکرێن و فەرمانبەرانى بانکى ناوەندى بەدواداچوون بۆ ئەدایان دەکەن بۆ پاڵپشتیى هەوڵى بانکەکان بۆ ئەوەى کڕیارانى دۆلار بەشێوەیەکى ئاسان ئەو دراوەیان بەدەست بگات.
بانکی ناوەندیش خشتەیەکى بڵاوکردووەتەوە کە ناوى لقى ئەو بانکانەى تێدایە کە هاووڵاتییان دەتوانن دۆلاریان لێ بکڕن و ئەو پرۆسەیە لە 29ـى کانوونى یەکەمى 2022 و رۆژانى سەرى ساڵی نوێ (هەینى، شەممە و یەکشەممە) و رۆژانى دواتر کارى پێدەکرێت.