رێبەری رەوتی سەدر لە نامەیەکدا رایگەیاندووە کە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان رادەستی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی 6ـی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بە رێگەی نامەیەکەوە کە بە دەستنووسی خۆی نووسراوە، داوای لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر کردووە، نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان رادەستی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.
هاوکات لە نامەکەدا سەدر سوپاسی سەرجەم پەرلەمانتارانی کردووە و هەموو هەڵوێستەکانی رابردووی بە هەڵوێستی نیشتمانی لەقەڵەمداوە.
هەروەها رێبەری رەوتی سەدر لەنامەکەیدا ئاماژەی بە بەربژێری رەوتەکەیانی داوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق و وتوویەتی، “سوپاسی بەرێز جەعفەر سەدر ـی ئامۆزام دەکەم کە پێشتر بەربژێرمانبوو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازم”.
لە کۆتایی نامەکەدا سەدر تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئەو داواکارییە هەوڵ و قوربانیدانە لەپێناو گەل و نیشتمان و دوورخستنەوەیانە لە چارەنووسێکی نادیار.