دۆزینەوەی کار لەرێگای ئینتەرنێت

دۆزینەوەی کار لەرێگای ئینتەرنێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
دۆزینەوەی کار لەرێگای ئینتەرنێت
1

لایک

لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا هەموو کایەکانی ژیان پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، یەکێک لەو پێشکەوتنانەش دۆزینەوەی هەلی کارە لە رێگای ئینتەرنێتەوە .

لە ئێستادا چەندین ماڵپەڕ و گروپ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەلایەن حکومەت و هاووڵاتیانی خۆبەخش کراوەتەوە و بەهەزاران کەس سوودیان لەو دەرفەتانە بینیوە .

یەکێک لەو ماڵپەرانەی کەلەلایەن حکومەتی هەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرێت پۆڕتاڵی ” کار ” ـە و لەبارەی چۆنییەتی دەسکەوتنی هەلی کار لەو ماڵپەڕە وەک رۆژنامەی تەبا چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ کارزان عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاری هەولێر ئەنجامدا .
لەسەرەتای قسەکانیدا کارزان عەلی باسی لە سەرەتای دامەزراندن و چۆنییەتی دۆزینەوە هەلی کار لەو ماڵپەرە کرد ئاماژەی بەوەدا، لە راستیدا ئەو بەشە لە سەرەتای بوونی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان هەبووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ بەهاوکاری لەگەڵ رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ” پۆڕتاڵی کار ” ـیان بۆ دامەزراندین، هەموو کەسێک دەتوانێت لەو وێبسایتە کە بە ناوی ( www.evtc-krg.org ) سیڤی خۆی پێشکەش بکات و ئێمەش ئەو هەلی کارانەی کە لامان تۆمارکراوە لەهەمان ماڵپەر بڵاو دەکەینەوە، بۆ نمونە کۆمپانیایەک پێمان رادەگەیەنێت کە چەند کارمەندێکی دەوێت ئەو تایبەتمەندیانەی هەبێت، ئێمە ژمارەی کەسەکەی پێدەدەین دەتوانێت خۆی قسەیان لەگەڵ بکات و رێک بکەون، یاخود خۆی بێتە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ئێمە بە نوسراوێکی فەرمی نوسراوێکی بۆ دەکەین دەیانێرینە شوێنی کارکردنەکە، بۆیە هەر کۆمپانیایەک پێویستی بە کرێکار هەبێت دەبێت داوا لە ئێمە بکات و ئێمەش لە پۆڕتاڵەکە بڵاوی دەکەین، لەلای ئێمەش سیڤی زۆرە بەگوێرەی پێویستی کارەکە کرێکاری بۆ دەدۆزینەوە . تەنها کرێکاری ناوخۆیی دەتوانێت لای ئێمە خۆی ناو نووس بکات “.

وەک ئامارێکی ئەو ماڵپەڕە ئاخۆ تا ئێستا چەند هەلی کار لەو ماڵپەڕە بۆ هاووڵاتیان دۆزراوەتەوە؟ کارزان عەلی وتی، ” ئێمە مانگانە ئامارمان هەیە، ئاماری مانگێک لەگەڵ مانگێکی دیکە دەگۆڕێت، جاری واهەیە ١٠ کەس بە یەک جار کاری بۆ دەدۆزینەوە، مانگ هەبووە ١٠٠ کەس یاخود ٥٠ کەس بووە، رێژەکە دیاری کراو نییە بە پێی ئەو هەلی کارانەیە کە رۆژانە بۆمان دێن، بۆ نموونە یەک لە ساڵەکان هەلی کار یەک جار زۆر بوو بە یەک مانگ کارمان بۆ زیاتر لە هەزار کەس دۆزیوەتەوە “.

جیا لەو ماڵپەڕە چەندین شوێن و پەڕە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی دۆزینەوەی هەلی کار کراوەتەوە، لەبارەی ئەو شوێنانە کارزان عەلی ئاماژەی بەوەدا، ” هیچ کام لەم پەڕە و شوێنانە لە ژێر چاودێری ئێمەدا نین، هەر کەسێکیش بێت زانیاریمان پێ بدات کە هەڵخەڵەتێندراون لەلایەن ئەو شوێنانەوە یان لە رێگای لێژنەکانمانەوە بزانین فێلی لە هاووڵاتیان کردووە، شوێنەکە دادەخەین و چەند شوێنێکیشمان داوەتە دادگا . ماوەیەک پێش ئێستا دوو ئافرەت سەردانی ئێمەیان کرد لە یەکێک لەو شوێنانە کە بەناوی هەلی کار کراونەتەوە پارەیان لێوەرگیرابوو، لە بری دۆزینەوەی هەلی کار پێیان وتبوو وێنەی خۆتان بنێرن و لەدوای ناردنی وێنەکە رایانگەیاندبوو ببورن دەبێت جلی کراوە لەبەر بکەن ئێوە وەرناگیرێن لەکارەکە، هەر شوێنێک مۆلەتی وەزارەتی کار و بەڕێوەرایەتی کاری نەبێت ناتوانێت شوێن بکاتەوە و هەلی کار بۆ خەڵک رابگەیەنێت، ئەوانەی مۆڵەتی کارکردنی ئێمەیان هەیە ئێمە بە بەردەوام سەردانیان دەکەین و راپۆڕتیان لێوەردەگرین “.

لە کۆتایی قسەکانیدا کارزان عەلی ئاماژەی بەوە کرد کە هەر کەسێک ناڕەزایی لە خاوەن کارەکەی هەبێت دەتوانن کێشەکەی بۆ چارەسەر بکەن و وتیشی، ” داوا لەسەرجەم کرێکاران دەکەم کە لەهەر شوێنێک کار دەکەن ناوی خۆیان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکەن، کە ناوی خۆیان تۆمارکرد هیچ جیاوازیان نابێت لەگەڵ فەرمانبەری حکومەت، خوا نەکات هەر
کات تووشی پێکانێک دەبن یاخود تووشی حاڵەتی مردن دەبن وەک فەرمانبەری ئاسایی مووچەی خانەنشینیان بۆ دەبڕدرێت، یاخود هەر کرێکارێک ئەگەر ستەمی لێکرا لەلایەن خاوەن کارەکەیەوە مووچەی تەواوەتی پێنەدرا، یاخود بە بێ هیچ هۆکارێک لە کارەکەی دەربکرێت ئێمە هێلێکمان هەیە بەناوی هێلی هۆشیاکردنەوەی کرێکاران، کە پەیوەندی پێوە دەکەی هێلەکە بێ بەرامبەرە، ژمارەکە ( ٠٦٦٥٠٠٠٥٠٠ ) ـە لەهەر شوێنێک بن ئێمە کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکەین بەتایبەت ئەو کرێکارانەی کە کاریان پێدەکەن و مووچەیان پێنادەن “.

شایەنی باسە لە ئێستادا لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان چەندین گرووپ و پەڕە کراونەتەوە تایبەت بە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ هاووڵاتیان یەکێک لەو گروپانەی کە لەساڵی ٢٠١٥ ـەوە دامەزراوە و چەندین هەلی کاری بۆ هاووڵاتیان دۆزیوەتەوە، خاوەنی ئەو گروپە مستەفا هونەر لەبارەی بیرۆکەو ئامانجی ئەو گروپە بە رۆژنامەی تەبای راگەیاند :

” لە راستیدا ئەو گروپەی کە ئێستا لەگەڵ چەند هاورێیەک سەرپەرشتی دەکەین لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزرا، ئێستاش سەرپەرشتیاری دوو گروپ لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەکەم کە تایبەتن بە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ هاووڵاتیان، لە هەر گروپێک نزیکەی ٢٠٠ هەزار ئەندام هەیە، ئێمە سەرەتا زۆر بە کاری سادە دەستمان بە بڵاوکردنەوەی هەلی کار کرد، دواتر ئەو شوێن و رێکخراوانەی کە پێویستیان بە دەستی کار هەبا لە ماڵپەر بڵاویان دەکردەوە، زۆر کەس نەیدەزانی و نەیان دەتوانی سوودەمەند بن لەو هەلی کارانە، بۆیە ئێمە بە زمانێکی سادە لە گروپەکەمان دامان دەنا و خەڵکێکی زۆر سوودی لەو هەلی کارانە دەبینی، دواتر گروپەکەمان زۆر گەورە بوو کۆمپانیا گەورەکان و هۆتێلەکان داوایان لە ئێمە دەکرد هاووڵاتیان بۆ بدۆزینەوە لەلایان کار بکات “.

مستەفا هونەر لەبارەی سەرکەوتن و شێوازی کارکردنی گروپەکە ئاماژەی بەوەکرد، ” هۆکاری سەرکەوتنی گروپەکەمان و متمانە کردنی کۆمپانیاکان بە ئێمە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، تا ئێستا ئێمە پارەمان لەهیچ کەسێک وەرنەگرتووە بەمەستی دۆزینەوەی کار بۆی، یاخود بە پێچەوانەوە پارە لە کۆمپانیاکان وەربگرین لەبڕی دۆزینەوەی دەستی کار بۆیان، هۆکارێکی تر زۆری ئەندامی گروپەکەمانە کە رێژەیەکی زۆر لە ئەندامان هەیە لە هەموو شوێنێکی هەرێم، هۆکارێکی دیکە ئێمە جگە لەوەی هەلی کار بۆ ژمارەیەکی بێ شوماری هاووڵاتیان دەدۆزینەوە، بەبەردەوامیش ڤیدیۆی فێرکاری چۆنییەتی دروستکردنی سیڤی و ئیمەیڵ بڵاو دەکەینەوە، چونکە بەڕاستی ئەم هەنگاوانە زۆر گرنگە بۆ دۆزینەوەی کار “.

لەلایەکی دیکە سەبارەت بە ئاماری ئەو کارانەی کە لەلایەن گروپەکەی ئەوانەوە بۆ هاوولاتیان دۆزراوەتەوە سەرپەرشتیاری گرووپەکە رایگەیاند، ” پێش سێ ساڵ ئەو هەلی کارانەی لای ئێمە بدۆزرابایەوە هەموومان بە داتا دەکرد، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی زۆری هەلی کارەکان و سەرقاڵی ئێمە بەکاری رۆژانەی خۆمان ناتوانین هیچ داتایەک تۆمار بکەین، بەڵام لەو کاتەی کە داتامان هەبوو زیاتر لە سێ هەزار هاووڵاتی لە رێگای ئێمەوە کاری دەستکەوتبوو، لە راستیدا پشتگیری حکومەتمان هەبێت بەتەنیا لەماوەی ٨ مانگ کێشەی بێکاری چارەسەر دەکەم، چونکە ئەو گروپە وای کردووە پەیوەندی لەنێوان ئێمە و گەنجان دروست بێت و کێشەکانیان دەزانین چییە، سوودی گروپەکەی ئێمە کە کار بۆ گەنجەکانمان دەدۆزینەوە دووری دەکەینەوە لە کاری نایاسایی، چونکە هەر کەسێک کاتی بەتاڵی هەبوو بێ کار بوو ئەمە رێگا خۆشکەر دەبێت بۆ چوونە ناو رێگای خەراپ و بیرکردنەوە لە جێهێشتنی وڵات “.

هاوکات لەبارەی دروستبوونی ئەو گروپ شوێنانەی کە پەیدا بوون بە پارە و بەناو کار بۆ خەڵک دەدۆزنەوە مستەفا هونەر رایگەیاند، ” لەلای ئێمە سیکوێڕتییەکی زۆر بەهێز هەیە بۆ راگەیاندنی هەلی کار، لەسەرەتا ئەو کەسەی دەستی کار
لە ئێمە داوا دەکات دەبێت ناونیشان و ئیمەیڵ و ژمارە تەلۆفۆنی دابنێ، ئێمەش بەدواداچوون بۆ شوێنی کاریان دەکەین تاوەکو دڵنیا نەبین لەوەی کە کۆمپانیایەکی فەرمییە بەهیچ شێوەیەک لەلای خۆمان بڵاوی ناکەینەوە، هەروەها ئەو کۆمپانیایەش کە مووچەیەکی کەم دەدات بە کارمەند و کاتژمێرێکی زۆر کاری پێدەکات بەهەمان شێوە ئێمە لەلای خۆمان هەلی کارەکە راناگەیەنین تاوەکو گەنجەکانمان نادادپەروەریان بەرامبەر نەکرێت . دەمەوێت باسی شتێک بکەم کە ئاگادارین هەندێک لە کۆمپانیا و گروپ پەیدا بوون پارە لە هاووڵاتیان وەردەگرن بەناوی ئەوەی کار بۆ گەنجەکان دەدۆزنەوە، لە راستیدا ئامانجی ئەو شوێنانە تەنها وەرگرتنی پارەیە، یاخود وێنە و پەیوەندی دروستکردنە لەگەڵ ئافرەتان، خۆشبەختانە دەتوانم بیڵێم لە گروپەکەی ئێمە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک وەرنەگیراوە و کاری بەدرەوشتی رووی نەداوە “.

لە کۆتاییدا مستەفا هونەر ئامۆژگاری گەنجانی کرد بەوەی لە کەرتی تایبەت بەدوای کار بگەرێن و وتیشی، ” داوام لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە چۆن هەندێک بابەت لە زانکۆ دەخوێندرێت، پێویستە وانەیەکیش زیاد بکرێت، بەناوی چۆن لە کەرتی تایبەت کار دەدۆزینەوە، چونکە کەسی وا دەناسم دەرچووی ساڵی ٢٠١٠ ـە و سێ زمان دەزانێت و تا ئێستا کاری نەدۆزیوەتەوە و نەیتوانیوە پشت بە کەرتی تایبەت ببەستێت، بۆ دۆزینەوەی هەلی کار چەند هەنگاوێک هەیە دەبێت پەیرەی بکەین یەکەم، سەرەتا دەبێت ئیمەیلێکی دروست بەناوی خۆت هەبێت و نابێت ناوی سەیر جگە لەناوی خۆت و باوکت یان باپیرت دابنێیت، دووەم، سیڤیێکی جوان و پوخت دەبێت کەسەکە دروستی بکات و زانیارییەکانی ناوی تەواو بێت، هەروەها لەکاتی چوون بۆ چاوپێکەوتنی کار دەبێت گرنگی بە سیما و جلوبەرگ بدرێت بۆ ئەوەی کەسی بەرامبەر هەر لە سەرەتاوە رەتی نەکاتەوە، هەروەها هەر کاتێک وادەیەکت بۆ چاوپێکەوتنی کار دیاریکرا دەبێت لەوادەی خۆت لە شوێنی کارەکە ئامادە بیت “.