باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئیدانەی ئەو ھێرشەی کرد کە شەوی رابردوو کرایە سەر پاڵاوگەیەکی نەوت لە ھەولێر (ئەربیل).
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ھەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوێکی لەبارەی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر سنووری قەزای خەبات سەربە پارێزگای ھەولێر بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ویلایەتە یەکگرتووەکان ئیدانەی ھێرشەکەی شەوی رابردوو لە عێراق دەکات کە بووە ھۆی زیانگەیاندن بە پاڵاوگەیەکی نەوت لە ھەرێمی کوردستان”.
ئاماژە بەوەش کراوە، “ئەو جۆرە ھێرشانەی کە لە عێراق ئەنجام دەدرێن، بەتایبەتیش بۆسەر کەرتی وزە، دەستدرێژکردنە بۆسەر سەروەریی عێراق، چونکە زیان بە عێراقییەکان دەگەیەنێت”.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی لە گەلی عێراق دەکات و راشیگەیاندووە “بەردەوام دەبین لە پێکەوە کارکردن لەگەڵ ھاوبەشە عێراقییەکانمان، ئەویش لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق”.