حکوومەتی عێراق هێرشە درۆنییەکانی سەر سعوودیە سەرکۆنە دەکات

حکوومەتی عێراق هێرشە درۆنییەکانی سەر سعوودیە سەرکۆنە دەکات

ئایار 19, 2026 14:36
حکوومەتی عێراق هێرشە درۆنییەکانی سەر سعوودیە سەرکۆنە دەکات
0

لایک

حکوومەتی عێراق، سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئەمدواییانەی کرد کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) شانشینی سعوودیەیان کردبووە ئامانج، هاوكات ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق سەرجەم هەنگاو و ڕێکارە پێویستەکانیان گرتووەتەبەر بۆ پووچەڵکردنەوە و ئاشکراکردنی هەر هەوڵێک کە لەم چوارچێوەیەدا بدرێت.

باسم عەوادی، وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مێژوویی خۆی دەکاتەوە بەرامبەر بە پەیوەندییە جیاواز و بەردەوامەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە، و پەرۆشە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی و پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە هێرشەکان لە هەر سەرچاوەیەکەوە بن. عەوادی جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لەو هەوڵە هاوبەشانەی کە ئامانجیان بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە و پاراستنی سەروەریی وڵاتانی ناوچەکەیە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەرچەندە لایەنە سەربازییە تایبەتمەندەکانی عێراق هیچ زانیارییەکی تایبەتیان لەسەر بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق تۆمار نەکردووە، بەڵام دامەزراوە فەرمییەکانی وڵاتەکە ئامادەی تەواویان تێدایە بۆ هاوکاری بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی هەر زانیارییەک کە پەیوەندی بە وردەکارییەکانی ئەو هێرشەوە هەبێت کە کراوەتە سەر سعوودیە.

وتەبێژی حکومەت دووبارە جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی توندی عێراق کردەوە بۆ بەکارهێنانی خاک، ئاسمان و ئاوە هەرێمییەکانی بەمەبەستی ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، و ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەوانە ناکەن کە هەوڵی پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتی عێراق دەدەن یان زیان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی تری دراوسێ دەگەیەنن.

En az 10 karakter gerekli