بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا، نرخی نەوت گەیشتەوە ئاستی ١١٠ دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەخۆوە نەبینی. رۆژنامەی “فاینانشێڵ تایمز” ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پەرەسەندنە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی سوودی قەواڵە داراییەکان و زیادبوونی مەترسییەکانی هەڵئاوسان لەسەر ئاستی جیهان.
سێشەممە، ٢٩ـی نیسانی ٢٠٢٦، بەپێی راپۆرتێکی فاینانشێڵ تایمز، نەوتی خاوی برێنت لە کاتی مامەڵەکانی رۆژی سێشەممەدا بە رێژەی ٤٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ١١٢.٧٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە رێژەی ٣.٥٪ بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی ١٠٠ دۆلار. ئەم هەڵکشانە دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای جەنگەکەوە نرخی نەوت لە ٦٠ دۆلارەوە بۆ ١١٩ دۆلار چەقەی بەستبوو.
کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشنیازی ئێران، بەڵام جەختی کردەوە کە “هێڵە سوورەکانی ترەمپ سەبارەت بە ئێران زۆر روونن،” کە مەبەست لێی رێگریکردنی تەواوەتییە لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیووز وتی، پێشنیازەکەی ئێران “باشتر بووە لەوەی چاوەڕوانمان دەکرد،” بەڵام هێشتا چەندین پرسیار و گومان لە ئارادان، بەتایبەتی سەبارەت بەوەی ئایا ئەو لایەنەی پێشنیازەکەی داوە دەسەڵاتی فەرمیی هەیە یان نا. روبیۆ دووپاتی کردەوە کێشەی ئەتۆمی ئێران هێشتا “کرۆکی ململانێکەیە” و واشنتن لێی پاشەکشە ناکات.