فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕاپۆرتی نوێی ئۆپەراسیۆنی “تووڕەیی داستانئاسا” بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاستی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران بە شێوەیەکی بێوێنە زیادی کردووە. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە ١٢ هەزار ئامانجی ستراتیژی پێکراون و هێزی دەریایی ئێران بەشێکی زۆری تواناکانی لەدەستداوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە ڕۆژی چوارشەممە ١ـی نیسانی ٢٠٢٦ لە لایەن سێنتکۆمەوە بڵاوکراوەتەوە، لەوەتەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لە ٢٨ـی شوباتی ڕابردووەوە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا، هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی واشنتن توانیویانە زیاتر لە ١٢ هەزار و ٣٠٠ ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران بپێکن.
سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستا زیاتر لە ١٢ هەزار هێرشی ئاسمانیی ئەنجامدراون و هێزی دەریایی ئێرانیش زیانی کوشندەی بەرکەوتووە، بە جۆرێک ١٥٥ کەشتی و ژێردەریایی بە تەواوی تێکشکێندراون یان زیانی زۆر گەورەیان بەرکەوتووە.
سێنتکۆم ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستماتیکی پێکهاتەی ئەمنیی ڕژێمی ئێران داڕێژراوە. لە نێو ئەو شوێنانەی کە کراونەتە ئامانج، بریتین لە: ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، بارەگا سەرەکییەکانی سوپای پاسداران، بنکە هەواڵگرییەکان و سایتەکانی مووشەکی بالیستی. هەروەها سەرنجی سەرەکی خراوەتە سەر خاپوورکردنی کارگەکانی دروستکردنی درۆن و مووشەک، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و کۆگاکانی چەک لە ژێر زەویدا.
ئەمریکا نوێترین و پێشکەوتووترین کەرەستەی جەنگیی بەکارهێناوە، لە وانە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری (B-1, B-2 Stealth, B-52)، فڕۆکە جەنگییەکانی (F-22, F-35) و جۆرە جیاوازەکانی درۆنی خۆکوژ و سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکیی Patriot وTHAAD فەرماندەیی ناوەندی جەختی کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت بۆ لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەک کە مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی جیهانی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.