وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی و بە مەبەستی ڕەچاوکردنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی ڕووبەڕووی ناوچەکە و وڵات بووەتەوە، پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان-عێراقەوە دەستی پێ کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ـی ئاداری ٢٠٢٦، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کاتژمێر ٦:٣٠ـی بەیانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، وێستگەی نەوتی “سارالو” خراوەتە گەڕ.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ڕێگەی ئەم وێستگەیەوە ڕۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی فیشخابوور، پاشان لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهانی تورکی لەسەر کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست دەکرێت.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵێنگارییەکان و بەردەوامیدان بە هەناردەی وزە لەم بارودۆخە هەستیارەدا.