وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی سنوورەکان و ئاسمانی وڵاتەکەی، سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لە شاری مەڵاتیا جێگیر دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٦، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە چوارچێوەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، رێکاری پێویست بۆ پاراستنی سنوورەکان و ئاسمانی وڵاتەکەمان گیراوەتە بەر و لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانەکانمان لە ڕاوێژداین.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، جگە لەو ڕێکارانەی لەسەر ئاستی نیشتمانی گرتوومانەتە بەر، ناتۆ ڕێکارەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی زیاتر کردووە. لەم چوارچێوەیەشدا، سیستەمی پاتریۆت کە بۆ پشتیوانیکردن لە پاراستنی ئاسمانی تورکیا تەرخان کراوە، لە مەڵاتیا جێگیر دەکرێت.
وەزارەتی بەرگری تورکیا جەختی لەوەش کردووەتەوە، وڵاتەکەی توانای بەرگریی و ئەمنیی خۆی لە بەرزترین ئاستدا دەپارێزێت و لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانەکانی لە هەماهەنگیدا دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکان، بە ئامانجی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.