دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ـی شوباتی ٢٠٢٦، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو تانەیە دا کە دژ بە زیادکردنی باجی گومرگی تۆمارکرابوو، ئەمەش لەکاتێکدایە شارەزایانی ئابووریی هۆشداریی لە دابەزینی بەرچاوی ئاستی بازرگانی دەدەن.
محەممەد خەفاجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە کە لەسەر بڕیاری ژمارە ٩٥٧ تایبەت بە زیادکردنی باجی گومرگی تۆمارکرابوو. بە وتەی خەفاجی، دادگا بەهۆی “نەبوونی بەرژەوەندییەکی رەوا” داواکەی قبووڵ نەکردووە، ئەم زانیارییەش لەلایەن سەرچاوەیەکی دادوەرییەوە بۆ ئاژانسە هەواڵییەکان پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەم بڕیارەی دادگا دوای شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی بازرگانان دێت. لە ٨ـی ئەم مانگەدا، بەغداد و چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و باشووری عێراق شایەتحاڵی مانگرتنێکی گشتیی و داخستنی بازاڕەکان بوون. بازرگانان و خاوەن دوکانەکان دەڵێن، زیادکردنی باجەکان تێچووی هاوردەکردنی بەرزکردووەتەوە و بووەتە هۆی سستبوونی بازاڕ و دروستکردنی بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان.
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری، ئاماری مەترسیداری لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، جێبەجێکردنی سیستەمی “ئاسیکودا” و زیادکردنی باجەکان بووەتە هۆی، کەمبوونەوەی سەدا ٥٠ـی قەبارەی بازرگانی عێراق لەگەڵ جیهان. هەروەها دابەزینی داهاتی گومرگی بە بڕی ٧١ ملیار دینار تەنیا لە مانگی یەکدا. لەگەڵ دروستکردنی مەترسی بۆ سەر بژێوی زیاتر لە یەک ملیۆن بازرگان و ملیۆنان کرێکار کە لە ٣٥٠ هەزار دامەزراوەی بازرگانیدا کاردەکەن.
حکوومەتی عێراق باجی گومرگی بە ڕێژەی جیاواز لە نێوان سەدا ٥ بۆ ٣٠ سەپاندووە، نزیکەی ١٦،٤٠٠ بابەتی گومرگی دەگرێتەوە. لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکاندا، وەزارەتی دارایی ڕێنماییەکی دەرکردووە بۆ کەمکردنەوەی سەدا ٢٥ لە تێکڕای بەهای هاوردەکردن لە ناو سیستەمی ئاسیکودا، وەک هەوڵێک بۆ سووککردنی بارگرانییەکە.