بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵێکی پاکستان ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵێکی پاکستان ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە

كانونی دووه‌م 22, 2026 08:21
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵێکی پاکستان ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە
0

لایک

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵی بازرگانی “گوڵ پلازا” لە شاری کەراچی لە باشووری پاکستان، کارەساتێکی مرۆیی گەورە کەوتەوە و تا ئێستا گیانلەدەستدانی ٥٠ کەس پشتڕاستکراوەتەوە.

بەگوێرەی دواین ڕاپۆرتەکانی تیمەکانی فریاگوزاری، دوای پڕۆسەی گەڕان بەناو پاشماوە و داروپەردووی مۆڵەکەدا، تەرمی ٢٥ کەسی دیکە دۆزراونەتەوە، بەوەش ژمارەی قوربانیان بۆ دوو هێندە بەرزبووەوە.

لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری دەدەن کە ئەگەری هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان زیاتر بکات، بەو پێیەی هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بێسەروشوێنن و ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانیش بەردەوامن.

ئەم ڕووداوە شەپۆلێکی توندی توڕەیی لە ناوخۆی پاکستان لێکەوتووەتەوە. کەسوکاری قوربانیان و هاووڵاتیان ڕەخنەی توند ئاراستەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەکەن و بە “کەمتەرخەم و سست” لە وەڵامدانەوەی بانگەوازەکاندا تۆمەتباریان دەکەن.

هەروەها ئاگرەکە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، زیانی گەورەی بە ژێرخانی مۆڵەکە گەیاندووە و زیاتر لە ١٢٠٠ دوکانی جلوبەرگ و پێداویستی ناوماڵ بە تەواوی سووتاون. میدیا ناوخۆییەکان ئەم ڕووداوە بە گەورەترین و وێرانکەرترین ئاگرکەوتنەوە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردووی وڵاتەکەدا وەسف دەکەن.

هاوکات لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی پاکستان بە فەرمی هاتە دەنگ و ڕایگەیاند؛ لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەپەلە لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە و شێوازی مامەڵەکردنی تیمەکانی فریاگوزاری دەستپێدەکات. حکوومەت جەختی کردەوە کە هەر لایەن و بەرپرسێک کەمترخەمی نواندبێت، بە توندی ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

En az 10 karakter gerekli