وەزارەتی تەندروستی بەبۆنەی سەری ساڵ چەندین بڕیاری دەرکرد  

وەزارەتی تەندروستی بەبۆنەی سەری ساڵ چەندین بڕیاری دەرکرد  

كانونی یه‌كه‌م 23, 2025 22:06
وەزارەتی تەندروستی بەبۆنەی سەری ساڵ چەندین بڕیاری دەرکرد  
0

لایک

وەزارەتی تەندروستی ئامادەکارییەکانی بۆ ڕۆژانی پشووی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی نوێی ٢٠٢٦ لە هەرێمی کوردستان-عێراق ڕاگەیاند.

ئەمشەو وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، “بەبۆنەی سەری ساڵی زاینینی و جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح، پیرۆزبایی لە کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و پزیشکان و پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی و سەرجەم هاووڵاتیان دەکەین، هیواخوازین ساڵی ئایندە ببێتە ساڵی خۆشگوزەرانی و تەندروستی باش بۆ هەموولایەک”.

راشیگەیاند، هاووڵاتیانی و دامودەزگاکانی تەندروستی ئاگاداردەکەینەوە کەوا ڕۆژانی پشووی فەرمی هەمان ڕۆژانی پشووە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ڕاگەیاندراوە.

بۆ ئەم مەبەستە نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستیەکان رادەسپێردرێت کە دەوامی ئێشکگری دەبێت بۆ کارئاسانی هاوڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی بەپێی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

١-دانانی لێژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکان و نەخۆشخانەکان.

٢-بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێڵی گەرمی پەیوەندی هەبێت.

٣-لەکاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە بن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.

٤-پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.

٥-هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنها لە ڕێگای هەماهەنگی بەشی ڕاگەیاندنی هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان دەبێت.

٦-ئاماری ڕۆژانە دەبێت لەماوەی (٢٤) کاتژمێر لەڕێگای پەیوەندی مۆبایلەوە لە (٨) ی بەیانی تاکوو (٨) بەیانی ڕۆژی دواتر ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.

٧-ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.

٨-ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.

٩-بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.

١٠-هێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە.

١١-نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکرێت.

١٢-سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

١٣-بانکی خوێن و خزمەتگوزاری دابینکردنی خوێن پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

١٤-سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

١٥-تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی (٢٤) کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.

١٦-تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.

١٧-پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.

بە هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان…

وەزارەتی تەندروستی

حکومەتی هەرێمی کورستان-عێراق

٢٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥

En az 10 karakter gerekli