لە جەژنی قورباندا زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ کەس لە عێراق بریندار بوونە

لە جەژنی قورباندا زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ کەس لە عێراق بریندار بوونە

ئایار 31, 2026 19:20
لە جەژنی قورباندا زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ کەس لە عێراق بریندار بوونە
0

لایک

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری بریندارانی ڕۆژانی جەژنی قوربانی لە سەرجەم پارێزگاکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا هەزار و ٨٧٦ کەس بەهۆکاری جیاواز بریندار بوون یان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ڕۆژی شەممە، ٢١ی ئایاری ٢٠٢٦، لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئامارە فەرمییەکان کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان و خزمەتگوزارییە پزیشکییە فریاکەوتنەکانەوە کۆکراونەتەوە، دەری دەخەن کۆی گشتیی بریندارەکان گەیشتووەتە هەزار و ٨٧٦.

بەگوێرەی ئامارەکە، زۆربەی بریندارەکان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە بوون کە هەزار و ٣٢٤ بوون، ١٢٠ ژەهراویبوون، ١٢٢ تەنگەنەفەسی، ١٦٩ سووتان، ٥٥ برینداربوون بە گولــلە، ٢٨ برینداربوون بە یاریی ئاگرینی منداڵان و ١٨ خنکان.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق راشیگەیاندووە، پێش جەژن عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستی، فەرمانی کردبوو بە ئامادەیی تەواوی تیمە پزیشکییەکان و چاودێریی وردی کارەکانیان لە پارێزگاکان، هەروەها جەخت کرابووەوە لەسەر خێراکردنی وەڵامدانەوەی تیمەکان و دابینکردنی هەموو جۆرە دەرمان و پێداویستییەکی پزیشکی بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکێشی بریندارەکان بکرێت.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق راشیگەیاند، تیمە پزیشکییەکان لە ڕۆژانی جەژندا بەدرێژایی ٢٤ کاتژمێر لە چوارچێوەی پلانی فریاکەوتندا لە کاردابوون.

En az 10 karakter gerekli