ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری دوو بەرپرسی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق و حکوومەتی فیدراڵی عێراق، لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان ڕێک کەوتوون و پێشبینی دەکرێت لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان-عێراق دەست پێبکاتەوە.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە ڕێککەوتنەکەی هەولێر (ئەربیل)و بەغداد ڕێگا بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نزیکەی ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان-عێراق لە ڕۆژێکدا دەدات کە لە مانگی ئاداری ٢٠٢٣ـوە ڕاگیرابوو.
سەرچاوەکەی رۆیتەرز ئاشکراشی کردووە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، دەست بە ڕێکارە تەکنیکییەکان دەکرێت بۆ ئامادەکردنی کارەکانی بۆری گواستنەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا هەناردە کردنەوەی نەوت دەست پێبکاتەوە.
بەرپرسانی عێراقی کە ئاگاداری ڕێککەوتننەکە بوون بە رۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە پلانە سەرەتاییەکە داوا دەکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق پابەند بێت بە گەیاندنی لانیکەم ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە کاتێکدا ٥٠ هەزار بەرمیلی دیکە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بهێڵێتەوە.