سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل بە فەرمی ئەو گۆڕانکارییانە رەتدەکاتەوە کە بزووتنەوەی حەماس داوای کردبوون، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ناردنی شاندێکی دانوستاندنکاری بۆ قەتەر ڕاگەیاند و میدیای ئیسرائیلیش ئاماژە بەوە دەکات کە ناکۆکییەکان قووڵ نین و هێشتا هیوایەک بۆ رێککەوتن ماوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە شەشی تەمووز، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد شاندێکی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی رەوانەی دەوحەی پایتەختی قەتەر دەکات.
شاندە ئیسرائیلییەکە، بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان، دەگاتە دەوحە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەی نووسینگەی ناتانیاهۆ هاتووە: “ئەو هەموارکردنەوانەی حەماس داوای کردبوون لەسەر پێشنیازەکەی قەتەر بەدەستمان گەیشتن، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە بۆ ئێمە جێگەی قبووڵ نین”.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵوێستە فەرمییە، رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، هێشتا ئەگەری چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە دانوستاندنەکاندا بوونی هەیە.
هەمان رۆژنامە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵسەنگاندنەکان لەنێو ئیسرائیلدا دەری دەخەن کە ناکۆکییەکانی ئێستا لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە چوارچێوەی دانوستاندنەکاندا زۆر فراوان و قووڵ نین.