وەزارەتی تەندروستی هەرێم ژمارەیەک رێنمایی بۆ رۆژانی جەژن بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دەبێت پزیشکانی پسپۆڕ، نیشتەجێی دێرین و خولاو، پەرستار و کارمەندانی تەندروستی پابەندی دەوامی ئێشکگری بن.
دەقی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی:
لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز کاری پێویست ئەنجام بدەن بە جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
1- دانانی لێژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتی گشتی و نەخۆشخانەکان.
2- بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندی هەبێت.
3- لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.
4- پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.
5- هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنها لە ڕێگای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیەکان دەبێت.
6- ئاماری ڕۆژانە دەبێت لە ماوەی (٢٤) کاتژمێر لە ڕێگای پەیوەندی مۆبایلەوە لە (٨)ی بەیانی تاکوو (٨) بەیانی رۆژی دوایی رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.
7- ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.
8-ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.
9- بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.
10-هێلەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت وەڵام بدرێتەوە.
11-نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکەن.
12- سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.
13-سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.
14-تیمەکانی فریاگوزاری و هێلی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی (٢٤) کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.
15-خزمەتگوزاری بانکی خوێن بە شێوەی ئێشکگری (٢٤) کاتژمێری کراوەبێت.
16-تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.
17- تیمەکانی تەندروستی بەهەماهەنگی تیمەکانی ڤیتەنەری چاودێری شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵ بکەن و چاودێری مەرجە تەندروستیەکان بکەن.
18-بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕێنمایی تایبەت بە کۆنتڕۆلکردنی نەخۆشی تای خوێن بەربوون بکرێت.
19-پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.
20-تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیارییەکان دابنریت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ باری لەناکاو.