بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستیان کەوتووە، دوێنێ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (MIT) لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاربەڕێکەری سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و حوسەین سەلامە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.
لەو دیدارەدا کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیا و سووریا تاوتوێ کرا، جەخت لەسەر گرنگی یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەری و سەقامگیری سیاسی کرایەوە و پشتڕاستکرایەوە کە تورکیا هەمیشە لە پاڵشتی سووریا دەبێت.
لە دیدارەکەدا ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە هاوشێوەی گروپەکانی دیکە، دانانی چەکەکانیان و تێکەڵبوونیان بە سوریای نوێ، ئاسایشی سنووری و دەروازە گومرگییەکان، هەروەها گواستنەوەی ئەو زیندان و کەمپانەی کە ئەندامانی داعشی تێدایە بۆ ئیدارەکە تاوتوێ کرا و ڕاگەیەندرا کە تورکیا ئامادەیە هەموو جۆرە پاڵپشتییەک پێشکەش بە ئیدارەی دیمەشق بکات.
لە چوارچێوەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکەدا، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا و پێشێلکارییە ئاسمانییەکان، و هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر سووریا لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کران، هەروەها باس لە شەڕی داعش و گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەلامەتی ئاوارەکانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان کرا.