محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆک کۆمار وەڵامی نامەکەی نەداوەتەوە.
محەممەد جەواد زەریف ڕایگەیاند، دوای ئەوەی چاوی بە غوڵام حوسێن موحسنی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کەوتووە، ئەو داوای لێ کردووە دەستی لەکارەکەی بکێشێتەوە، بۆیە ئەویش دەقی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێشی سەرۆک کۆمار کردووە.
درەنگی شەوی یەکشەممە، 2-3-2025 زەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی “دوێنێ، بە بانگهێشتی بەڕێز سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری چوومە سەردانی، ئەو بە ئاماژەکردن بە بارودۆخی وڵات، رایسپارد کە بۆ پێشگرتن لە گوشاری زیاتر لەسەر حکومەت، بگەڕێمەوە زانکۆ، منیش بێ دواکەوتن، پەسندم کرد چونکە هەمیشە ویستوومە یار بم نەوەک بار.”