ڕۆژی شەممە، ڕێكەوتی 18ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حكومەتی راگوزەری سووریا لە دیمەشق پێشوازی لە حوسام زاکی، جێگری سەرۆکی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کرد، هەردولا بە بەشداری ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سووریا کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە ئەسعەد شەیبانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، “چاومان لەوەیە سووریا بگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەی لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و بەشداری لە یەکەم لوتکەی عەرەبی بکات کە تێیدا دەنگی راستەقینەی سووریاییەکان نوێنەرایەتی بکرێت”.
هاوكات وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت، “سوپاسی هەڵوێستی روون و بوێرانەی هەموو وڵاتانی عەرەبی، پابەندبوونی بەردەوامیان بە سەروەری سووریا و یەکگرتوویی خاکەکەی و رەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستوەردانێکی بیانی کە کار لە یەکگرتوویی و سەقامگیری وڵات بکات دەکەین.”
بڕیارە 17ـی ئایاری 2025، 34ـەمین لوتکەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە شاری بەغداد بەڕێوەبچێت.