د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: هیچ تاقیگەیەكی پشكنین لە نەخۆشخانە گشتییەكان نەدراوەتە كەرتی تایبەت و ئەو هەواڵانەشی لەمبارەیەوە بڵاو دەكرێنەوە دوورن لە راستییەوە.
وەزیری تەندروستی وتیشی، پشكنینی نەخۆش لە نەخۆشخانە گشتییەكان 100% لەلای حكوومەتی هەرێمی كوردستان-عێراق دەبێت و بەهیچ شێوەیەك نادرێت بە كەرتی تایبەت.
سەبارەت بە نرخی پلیت و پشكنینەكان لە نەخۆشخانە گشتییەكان، د. سامان وتی: نرخی پلیت و پشكنینەكان لە نەخۆشخانە گشتییەكان وەك خۆیان دەمێننەوە و زیاد ناكرێن كە ئێستا لەنێوان 500 بۆ 1000 دینار دەبێت.
وەزیری تەندروستی ڕاشیگەیاند، كە ئێستاش نرخی پشكنینەكان لە نەخۆشخانە گشتییەكان وەك یەك نین، هەندێك پشكنین هەیە نرخەكانیان كەمێك زیاترە، بەڵام ئەوانیش بەراود بە نەخۆشخانە تایبەتەكان، هێشتا نرخەكانیان كەمترە.