سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆران.
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سبەی کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ کۆدەبێتەوە و وەزیری دارایی دوا پێشهات لەبارەی مووچەی مانگی شوباتی 2024 دەخاتەڕوو.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەزارەتی دارایی عێراق بڕێکی دیکە پارە بۆ هەرێم بنێرێت بۆ دابەش کردنی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێم.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی 11ی ئازارى 2024، وەزارەتی دارایی عێراق بە چوار لیست نزیکەی 560 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خستەسەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکى ناوەندیی عێراق، لە دوایین جاریشدا بەغدا 37 ملیار و 123 ملیۆن دیناری دیکەی بۆ مووچەی مووچەخۆران نارد، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان تاوەکو ئێستا وادەى دابەشکردنى مووچەى مانگى شوباتى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دیاری نەکردووە.