باسم نەغمیش، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سرووشتییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، نەوتی ھەرێم رۆژانە بڕەکەی دەگاتە 450 ھەزار بەرمیل، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش، لیژنەیەکی پێکھێناوە بۆ ھەڵسەنگاندن بۆ وەبەرھێنانکردن لەو نەوتە لە پاڵاوتگە ناوخۆییەکان، لەگەڵ ئەگەری فرۆشتنی نەوتەکە بە ئوردن یاخود سووریا یان لوبنان.
وتیشی، ئێستا عێراق رۆژانە لە ناوخۆدا، وەبەرھێنان لە 80 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم دەکات، وەک لیژنەی نەوت پێشنیازیشیان ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کردووە، لیژنەیەک پێکبھێنێت بۆ تاوتوێکردنی وەبەرھێنانی ناوخۆی لە نەوتی ھەرێمی کوردستان.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، پێشنیازێکی تریان ئەوەیە ئەو بڕە نەوتەی لە رێگەی تورکیاوە دەڕۆشت، لە رێگەی باشوورەوە قەرەبوو بکرێتەوە، کارکردنیش بەو ئاڕاستەیە بەردەوامە، لەپێناو ئەوەی زیان لە بودجە نەدات.