یەدەگی عێراق لە دراوی بیانی زیادی کردووە

یەدەگی عێراق لە دراوی بیانی زیادی کردووە

عەممار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، یەدەگی بانکەکەیان لە دراوی بیانی زیادی کردووە و لەئێستادا، گەیشتووەتە 113 ملیار دۆلار.

تەممووز 16, 2023 08:52
یەدەگی عێراق لە دراوی بیانی زیادی کردووە
0

لایک

عەممار خەڵەف لە میانی شەشەمین کۆنفرانسی ساڵانەی دارایی و خزمەتگوزارییە بانکییەکان کە لە بەغداد بەڕێوەچوو ئاماژەی بەوە دا بانکی ناوەندیی رۆڵی گرنگی ھەیە لە سەقامگیریی دارایی و ئابووریی عێراق.

وتیشی ” دەرفەتی زۆر باش لە بواری ئابوورییدا لەبەردەم دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق و کەرتی تایبەت و بانکی ناوەندیدا ھەیە بۆ گەشەپێدانی بەرھەمی ناوخۆیی و پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانەی لە بودجەدا ھەیە”.

عەممار خەڵەف باسی لەوەش کرد، ئابووریی عێراق لە بەردەم ئاڵنگاریی گەورە دایە، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی یاسای بوودجە گشتیی کە بڕی کورتھێنانی بوودجە زیاتر لە 64 تریلیۆن دینارە.

راشیگەیاند، “لەئێستادا، قەبارەی قەرزە ناوخۆییەکانی حکوومەتی عێراق، گەیشتووەتە 70 تریلیۆن دینار کە ئەوەیش ئاڵنگارییەکی دیکەیە لە بەردەم سیاسەتی دارایی و نەختینەیی کە فشاری زۆر دروست دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەرزانە”.

عەمار خەلەف جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سیاسەتی داراییدا کراوە، ئامانجی لێیان گەشەپێدانی ئابوورییە لەلایەن حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندییەوە و رایگەیاند کە لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا، پێشکەوتنی باش لە بواری بانکی و پرۆسەی پێدانی پارە بەئەلیکترۆنی ھاتووەتە ئاراوە.

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق وتیشی ” یەدەگی بانکەکەمان لە دراوی بیانی زیادی کردووە و لەئێستادا، گەیشتووەتە 113 ملیار دۆلار”.

En az 10 karakter gerekli