کەمال ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لە خاڵەکانی نێو رێککەوتننامەی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێکردنەوەی پێشینەی خانووبەرە بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەمال ئەحمەد، رایگەیاندووە “رێکەوتنی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی کاریگەری لەسەر کەرتی وەبەرھێنان دەبێت، ئەگەر بێت و رێکەوتنەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن و پشکی ھەرێمی کوردستان لەناو یاسای بودجە وەک خۆی ڕەوانە بکرێت ئەوە جوولەیەکی زۆر دەکەوێتە بازاڕ و یەکێک لەو کەرتانەی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دەبێت کەرتی وەبەرھێنانە”.
جێگری سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەران ئاماژەی بەوە کردووە، لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی بڕگەیەکی هەیە لەبارەی کاراکردنەوەی پێشینەی خانووبەرە بۆ ھاوڵاتیان.
وتیشی، “بانکی رەشید و فیدڕاڵیش ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی لەدوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەست بە پێدانی پێشینەی خانووبەرە بکەن بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، ھاوشێوەی عێراق ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن لە پێشینەکە و لە ماوەی پازدە ساڵ بەشێوەی قیست دەیگەڕێننەوە بۆ حکوومەت”.