هاتووچۆی هەولێر پلانی بۆ رۆژانی نەورۆز راگەیاند

هاتووچۆی هەولێر پلانی بۆ رۆژانی نەورۆز راگەیاند

ئازار 20, 2023 12:45
هاتووچۆی هەولێر پلانی بۆ رۆژانی نەورۆز راگەیاند
0

لایک

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر(ئەربیل) بەمەبەستی رێکخستنی هاتووچۆ، کەمکردنەوەی ئەگەری خنکانی رێگای سەیرانگاکان و کەمکردنەوەی ئەگەری کەوتنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، پلانی رۆژانی نەورۆزی راگەیاند.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، سەرجەم ئەو رێگایانەی کە بۆ سەیرانگاکانی (هەنارە، شێخ توراب، دەربەند، کەسنەزان، بێستانە، زورگەکانی مەخمور، خەبات) دەچن، کراوە دەبن بۆ هاتن و چوون، هیچ رێگایەک داناخرێت و ناکرێت بەتەنیا هاتن یان چوون.

هەروەها بەدرێژایی ئەو رێگایانەی بۆ سەیرانگاکان دەچن ئەفسەر و کارمەندانی هاتووچۆ بڵاوەیان پێدەکرێت بۆ رێکخستنی هاتووچۆ، رێگاگرتن لەهەر سەرپێچیەک کە ببێتە هۆی خنکانی رێگایەکان.

ئاماژە بەوەشکراوە، هاتووچۆکردنی هەر بارهەڵگرێک کە کێشی هەڵگرتنی سەرووی هەشت تۆن بێت لە کاتژمێر شەشی بەیانیەوە قەدەغە دەکرێت، تاکو درەنگانی شەو و ئاسایی بوونەوەی رێگاکان.

هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاند، بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام لە سەیرانگاکان بە هەموو شێوەیەک هاتووچۆکردنی ماتۆرسکیلی دوو تایە بۆ سەیرانگاکان قەدەغە دەکرێت، تەنها رێگا دەدرێت بە ماتۆرسکیلی سێ تایە بۆ هاتووچۆکردن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، کە بەمەبەستی رێگریکردن لە دیاردەی مەینۆشی و لێخوڕین لەژێر کاریگەری ماددە سەرخۆشکەرەکان لەسەرجەم رێگایەکان بەتایبەتی لەکاتی گەڕانەوە لە سەیرانگاکان مەفرەزە بۆ پشکنینی مەینۆشی دادەنرێت، هەر شوفێرێک گومانی مەینۆشی لێبکرێت پشکنینی بۆ دەکرێت.

سەبارەت بە رێگریکردن لەتیژڕۆییکردن و کێبڕکێکردنی هەندێک لە شوفێران، هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لەهەر شوێنێک ئەگەری تیژڕۆیی لێبکرێت کامێرای چاودێری تیژڕۆیی دادەنرێت.

بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو، هاتووچۆی هەولێر هێڵی گەرمی (440) بەدرێژایی کار کراوە دەبێت.

En az 10 karakter gerekli