لەم وڵاتە بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک ڕادەگیرێت

لەم وڵاتە بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک ڕادەگیرێت

كانونی یه‌كه‌م 22, 2024 11:17
لەم وڵاتە بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک ڕادەگیرێت
0

لایک

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.

ڕۆژی 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا لە تیرانای پایتەخت لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستا و دایکوباوکی قوتابییان کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا وتی، “بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک بۆ هەمووان رادەگرن و کەس ناتوانێت تیکتۆک بەکاربێنێت”.

ڕاگرتنی تیکتۆک لە وڵاتەکە دوای ئەوە دێت، لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ چەند هەرزەکارێک لە سۆشیال میدیا دەبێتە مناقەشەیان، دواتر یەکێکیان دەکوژرێت و یەکێکی دیکەش بریندار دەبێت.

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا ڕاگرتنەکە ساڵی داهاتوو دەستپێدەکات، ئەمە بەبێ ئاماژەکردن بە ڕۆژ و مانگێکی دیاریکراو. تاوەکو ئێستاش کۆمپانیاکە هیچی لەو بارەیەوە نەوتووە.

بەگوێرەی بەرپرسانی ئەلبانیا، لەنێو هاووڵاتییانی وڵاتەکەدا منداڵان زۆرترین ماوە لەسەر تیکتۆک بەسەر دەبەن. ئەمە دایکان و باوکانی وڵاتەکەی نیگەران کردووە کە لەوانەیە بەشێک لە منداڵان ئەو تووندوتیژی و هەراسانکردنانەی لە تیکتۆک دەیبینن لە قوتابخانەکان دووبارەیان بکەنەوە.

بەگوێرەی وتەکانی سەرۆکوەزیران، کۆمپانیای تیکتۆک جیاوازی دەکات لەو ڤیدیۆیانەی دەیانخاتە بەردەم منداڵانی وڵاتەکەی و چین. “کۆمپانیاکە لە چین ڤیدیۆی چۆنیەتی وانەخوێندن، هاندانیان بۆ خوێندن و پاراستنی ژینگە دەخاتە بەردەستی منداڵانی چین”.

بەشێک لە ئەلبانییەکان بە نیگەرانییەوە لەم هەوڵەی سەرۆکوەزیران دەڕوانن. ئینا ژوپا، ئەندامی پەرلەمانی ئەلبانیا لە پارتی دیموکراتی ئۆپۆزیسیۆن وتی، “ئەمە بڕیارێکی دیکتاتۆریانەیە بۆ داخستنی تیکتۆک و دژی ئازادی ڕادەڕبڕین و دیموکراسییە”. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە و ڕێگرییە لە ئازادی ڕادەڕبڕین لە کاتی هەڵبژاردندا کە بڕیارە 11ـی ئایاری داهاتوودا بکرێت.

تیکتۆک کە ئەپێکی چینییە، چەند وڵاتێک بەکارهێنانیان قەدەغەکردووە، لەوانە، هیندستان، ئێران، ئەفغانستان، نیپاڵ، سۆماڵ و کرگیزیستان.

En az 10 karakter gerekli