محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. لەم گفتوگۆیەدا، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشانە کرا کە کرانە سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە شاری هەولێر(ئەربیل).
دوێنێ یەکشەممە ١٥ـی ئاداری ٢٠٢٦، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان محەمەد شیاع سوودانی و شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، جەخت لە پێویستیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی هاوبەشی عەرەبی و گرتنەبەری هەنگاوی خێرا لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کراوەتەوە بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە زووترین کاتدا، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە گرژیی زیاتر و ناسەقامگیری دوور بخرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوو سەرکردە بەتوندی رەت کردنەوە و ئیدانەی خۆیان بۆ ئەو هێرشانە دەربڕی کە کرانە سەر کونسوڵخانەی دەوڵەتی ئیمارات لە شاری هەولێر(ئەربیل).
هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئیمارات دووپاتیان کردووەتەوە کە پێویستە هەوڵە دیپلۆماسییەکان چڕبکرێنەوە بۆ راگرتنی کردەوە سەربازییەکان و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ، وەک تاکە رێگە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە و پاراستنی ئاسایش و چارەنووسی گەلەکانیان.