سەرۆکی ئەمریکا مەرجی وڵاتەکەی بۆ پەسەندکردنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد و هەڕەشەی وێرانکردنی تەواوەتی ئەو وڵاتەی کرد ئەگەر گەرووی هورمز بە رووی هاتووچۆی کەشتییەکاندا نەکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١ـی نیسانی ٢٠٢٦ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “تروس سۆشیاڵ” پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “سەرۆکی نوێی رژێمی ئێران (رێبەری نوێ، موجتەبا خامنەیی) بەراورد بە سەرۆکەکانی پێش خۆی زۆر زیرەکترە و کەمتر توندڕەوە، هەر ئێستا داوای ئاگربەستی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد”.
سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیشی کردەوە، تەنیا لە یەک کاتدا بیر لە داواکارییەکەی ئێران دەکەنەوە، ئەویش کردنەوەی گەرووی هورمزە بە شێوەیەکی ئازاد و بێ کێشە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ترەمپ هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو گەرووی هورمز نەکرێتەوە، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبێت و بە تەواوی خاپووری دەکەن، یان دەیانگێڕنەوە بۆ سەردەمی بەردین.