حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ ڕایدەگەیەنێت، نەوتی هەرێمی كوردستان-عێراق لەڕێگەی سۆمۆ هەناردە دەکرێت و حکوومەتی فیدراڵ ئێستا ئامادەیە نەوتەکە وەربگرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی كوردستان-عێراق دەستیان بەڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە کردووە، دەشڵێت. هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی تورکیا کراوە بۆ ئامادەکردنی بۆڕی نەوتی نێوان تورکیا و عێراق و گەیاندنی نەوتەکە بە بەندەری جەیهان.
وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ ئاشکرای کردووە، ڕۆژانە ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی كوردستان-عێراق لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە وەردەگیرێت، کەمتر نابێت لە 300 هەزار بەرمیل.
ڕۆژی یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی 12ـی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان-عێراق دا.