سەرۆککۆماری ئازەربایجان و سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە واشنتن، بە ناوبژیوانیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕێککەوتننامەی ئاشتییان واژۆ کرد و بەڵێنیان دا بۆ هەمیشە کۆتایی بە شەڕ و ناکۆکییەکانیان بهێنن و ڕێز لە سەروەریی یەکتر بگرن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی دوای ئەوەی بەجیا لەگەڵ هەر یەک لە ئیلهام عەلیێف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان و نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ هەردووکیاندا بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: “ماوەیەکی درێژ بوو. ئەوان 35 ساڵ لە شەڕدا بوون و ئێستا بوونەتە هاوڕێ و بڕیارە بۆ ماوەیەکی درێژ هەر وا هاوڕێ بمێننەوە”.
ترەمپ وتیشی: “ئەرمینیا و ئازەربایجان بەڵێنیان داوە بۆ هەمیشە کۆتایی بە شەڕ و ناکۆکییەکانیان بهێنن و پەیوەندیی بازرگانی و گەشتیاری و دیپلۆماسییان دەست پێ بکەن و ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکتر بگرن”.
هەردوو وڵات کە لە ناوچەی قەوقازی باشوور هەڵکەوتوون و هاوسنووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، بە ناوبژیوانیی ترەمپ ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە جیا لە ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، دەبێتە هۆی دامەزراندنی کۆریدۆرێکی گواستنەوە و هاوتۆچۆ لە نێوان کۆماری ئازەربایجان و ناوچەی خۆبەڕێوەبەری نەخجەوان کە بەشێکی دابڕاو لە خاکی ئازەربایجانە.
ئەم کۆریدۆرە کە درێژییەکەی 32 کیلۆمەتر دەبێت بە ناو خاکی ئەرمینیادا تێدەپەڕێت و لەسەر پێشنیاری سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا ناوی لێ دەنرێت “ڕێگای ترەمپ بۆ ئاشتی و گەشەی نێودەوڵەتی”. کردنەوەی ئەم کۆریدۆرە کە لەسەر داوای ئازەربایجان بوو، پێشتر خاڵی ناکۆکیی سەرەکیی نێوان دوو وڵات بوو و شکستی دانوستانەکانی ئاشتیی لێ کەوتبووەوە.
ئەم کۆریدۆرە لە ژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵی ئەمریکادا دەبێت و بەم شێوەیەش هەم ویستی ئازەربایجان بۆ پێکەوە بەستنەوەی باکۆ و نەخجەوان دابین دەکرێت و هەم سەروەریی خاکی ئەرمینیا دەپارێزێت.
ئاژانسی ئاسۆشەیتێدپرێس ڕایگەیاندووە دانوستان لەسەر چۆنێتیی کرانەوە و پەرەپێدانی “ڕێگای ترەمپ”، حەفتەی داهاتوو دەست پێ دەکات و ئەم ڕێگایە هێڵی ئاسن بۆ هاتوچۆی شەمەندەفەر، جادە بۆ هاتوچۆی ئوتۆمبێل، بۆریی گواستنەوەی نەوت و غاز و هێڵی ئەنتەرنێت لەخۆ دەگرێت.
ئانا کێلی، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: “نەخشە ڕێگایەک کە ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەری ڕێک کەوتوون، داهاتوویەک لەسەر بنەمای هاوکاری دروست دەکات کە بە سوودی دوو وڵات و ناوچەی قەوقازی باشوور دەبێت”.
هەردوو وڵات جیا لە ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوانیان، کۆمەڵێک ڕێککەوتنیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش واژۆ کردووە کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە بوارەکانی وزە، تەکنەلۆژیا و ئابووری لەخۆ دەگرێت.
دوای چەند جار شەڕ و پێکدادان لەم ناوچەیە، سەرئەنجام لە ساڵی 2023دا ئازەربایجان توانی ئەم ناوچەیە لە ئەرمینیا بستێنێتەوە و بە تەواوی کۆنترۆڵی بکات. بەڵام دانوستانەکانی دوو وڵات بۆ ئاشتی، بە هۆی سووربوونی باکۆ لەسەر کردنەوەی کۆریدۆرێک لە نێوان ئازەربایجان و نەخجەواندا گەیشتبووە بنبەست.
1
گۆڕانکاری کۆیلایەتی لە رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ
2
بەربەستەکانی دەوروبەری کەعبەی پیرۆز لادەبرێن
3
ئەمریکا: ژنانی ئێران تەنها لە پێناوی شکۆی خۆیاندا خۆپیشاندان دەکەن
4
نیگەرانییەکانی بەدەستهێنانی وزە لە ئەوڕووپا بەردەوامە و وڵاتەکان چ رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر؟
5
بەهۆی کەوتنی فڕۆکەیەک سەرجەم سەرنشینەکان گیانیان لەدەستدا