سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، لە پێناو داهاتووی میللەت و رێگریکردن لە دروستبوونی گرفت و قەیرانی گەورە دروستترین بژاردە ئەوەیە کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بچێتە یەک خەزێنەوە.
دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا کاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەکە بدرێت و نەوتی هەرێم لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت و پشکی هەرێم لە بودجە و داهاتی عێراق دیاری بکرێت و موچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم گەرەنتی بکرێت.
دەشڵێت، پێویستە سیستەمی بەنزین و نەوت و گازوایلی هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە عێراقەوە و بە هەمان نرخ بدرێتەوە بە هاوڵاتیان و نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای سۆمۆ و کۆی سیستەمی نەوت و غازی عیراق هەبێت و بەشێک بن لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “ناکۆکییە ناوخۆییەکان و تاکڕەوی، قەوارەکەمان لاواز دەکات و هەرێمەکەمان دەخاتە مەترسییەوە نەک کاری هاوبەش و داواکردنی مافەکانمان لە بەغدا هەر بۆیە هەنگاوی لۆژیكی و بەرپرسیارانە، رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا و دەستەبەركردنی مافەكانمانە.”