رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە میدیای پارتی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە رایانگەیاندبوو، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 100 هەزار دار لە سنووری پارێزگای هەولێر دەچێنن، تاوەکو ئێستاش 95 هەزار لەو دارانە چێندراون.
رێبین ئەحمەد وتیشی، “بەشێکی زۆری ئەو دارانە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر چێندراون، بەشێکی دیکەش بەسەر قوتابخانە، نەخۆشخانە و مزگەوتەکاندا دابەشکراون.”
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، “هەفتەی داهاتوو چاندنی ئەو 100 هەزار دارەی لە سەرەتای ئەم ساڵ رامانگەیاندبوو، کۆتایی دێت.”
بە گوتەی رێبین ئەحمەد، پاریش 100 هەزار دار لە سنووری پارێزگای هەولێر چێندراون.
سەبارەت بە رێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەولێر، رێبین ئەحمەد وتی، “لە پێنج ساڵی رابردوودا رێژەی سەوزایی لە پارێزگاکەمان 2.5% زیادی کردووە، واتە گەیشتووەتە 20%، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ستانداردی جیهانی، کە 30%یە.”