پارێزگاری دەورووبەری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا ڕایگەیاند، شەوی رابردوو ئۆکرانیا بە 144 درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەیان.
ئەمڕۆ ئەندرێی ڤەرەبیۆڤ، پارێزگاری دەورووبەری مۆسکۆ رایگەیاند، شەوی رابردوو ئۆکرانیا بە 144 درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەیان لە ناوچەی ڕامێنسکی مۆسکۆ.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکە زیانی بە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون گەیاندووە و بەهۆیەوە ژنێکی تەمەن 46 ساڵ و منداڵێکی نۆ ساڵ گیانیان لەدەست داوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
باسی لەوەش کرد، هەر بەهۆی هێرشەکەوە گەشتەکان لە چەند فڕۆکەخانەیەکی مۆسکۆی پایتەختی روسیا ڕاگیراون و تاڕادەیەکیش هاتووچۆ لە چەند شەقامێکیش راگیراوە. هاوکات، پارێزگاری کورسک بەوەکالەت ڕایگەیاند، لە هێرشەکەدا توانیویانە 12 درۆن بخەنە خوارەوە.
پێشتریش، وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاوی کردەوە، لەماوەی هەفتەی رابردوودا حەوت گوند و ناوچەیان لە دۆنتیسک لە خاکی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ کردووە و 15 هەزار و 765 سەربازی ئۆکرانیا کوژراون و 41 سەربازیش بەدیل گیراون.