رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە دیداری مێری رایگەیاند، ئیدارەیەک لە بەغداد رێگری لە رێککەوتنەکانی حکومەتی هەرێم و عێراق دەکات، ئەگەر رێککەوتنی شەنگال بە دروست جێبەجێ بکرێت، دەبێتە رێگە خۆشکەر بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە دیداری مێری رایگەیاند، رێککەوتنی شەنگال یەکێکە لەو دەستکەوتانەی کە جموجۆڵی زۆری لە نێوان هەرێم و بەغداد بۆ کرا، چەندین شاندی باڵای عێراقی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کۆبونەتەوە و گفوتگۆی لەسەر کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای ساڵی 2017 بۆشایی ئەمنی و پێشێلکاری لەسەر ناوچەکانی پەیوەست بە ماددەی 140 دروستبوو، لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ سیاسییەکانی هەرێم و بەغداد بەڵێنی زۆر درا، بەڵام تەنها کەمێکیان جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە زۆربەی دانیشتنەکانی پەیوەست بە رێککەوتنی شەنگال جینین پلاسخارت نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادەبووە، ماوەی سێ ساڵ بەسەر رێککەوتنەکە تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا زۆربەی ئاوارە ئێزدییەکان نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
باسی لەوەشکرد، جێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال دەبێتە رێگەخۆشکەی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140، کێشەیەکی دەستوورییان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، لە هەمان کاتدا لێکتێگەیشتنی باشیش هەیە، بەڵام لە پشت ئیدارەی حکومەتی بەغداد و هەرێم رێگرێک هەیە بەرهەڵستی لە لێکتێگەیشتنەکانی عێراق و هەرێم دەکات.
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، بڕگەی دروستکردنی لیژنەی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شەنگال لە هەموو بڕگەکانی دیکەی رێککەوتنەکە گرنگترە، چونکە هاوسەنگی کاروبارەکان رادەگرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵدرا کاروباری ئیداری بگەرێنرێتەوە بۆ شەنگال، بەڵام چەند هێزێکی عێراقی و چەند هێزێکی دیکەی پەیوەندیدار لەگەڵ پەکەکە رێگەیان نەدا کاروبارە ئیدارییەکان لە شەنگال دەستپێبکاتەوە.