وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگهیاند، سهرهڕای ئهوهی بهغداد پارهی تهواوی نهناردووه، بهڵام لە پێناو ئەوەی بەرە جەژنانەو تاوهكو سەرجەم مووچەخۆران بتوانن شایستەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن و هیچ مووچە خۆرێک بێبەش نەبێت لەوەرگرتن و دواکەوتنی مووچەکەی، “بڕیارماندا ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروستبووە لەڕێی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بکەینەوە”.
ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە:
دوای ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایار و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق لەکۆتایی هەفتەی ڕابردوو، لە پێناو ئەوەی هەرچی زووە مووچەی مانگی ئایار بنێردرێت و بەرلەجەژن دابەش بکرێت، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ( ٢٥ ئایاری ٢٠٢٦ ) وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی ( ٥٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) پەنجا ملیار دینارمان وەک نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار بەنووسراوی ژمارە ( ٥٤٧٧،٤،٧ ) کە لەڕۆژی (٢٤ ی ئایاری ٢٠٢٦ ) واژۆ کراوە خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ژمارە ( ٧٠٠١٨ ) لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
کەئەوەش لە هیچ سیستەمێکی ژمێریاری دنیادا نەبووە هێشتا مانگەکە شەش ڕۆژی ماوە بۆ کۆتایی بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای نیوەی داهاتی ئەو مانگە بکات، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان-عێراق بۆ نەهێشتنی هیچ بیانویەک ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی ڕەوانە بکات.
سەرەڕای هەموو ئەو ڕێوشوێن و ڕێکارانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە کۆی بڕی ( ٩٧٠،٧٤١،٥١٤،٩١٤ ) نۆسەدو حەفتا ملیارو حەوت سەدو چل و یەک ملیۆن و پێنج سەدو چواردە هەزارو نۆسەدو چواردە دینار، لەکاتی کۆتایهاتنی دەوامی فەڕمی بانکی ناوەندی عێراق و لە کاتژمێر سێ ی دوانیوەڕۆ بڕی تەنها ( ٨٩٠،٥٠٢،٠٠٠،٠٠٠ ) هەشت سەدو نەوەد ملیارو پێنج سەدو دوو ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە گەیشتۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بەوەش دەردەکەوێت کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە ( ٨٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) هەشتا ملیار دینار کەمتری لەکۆی تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.
سەرەڕای نەبوونی دەوامی فەرمی و پشوو لە عێراق و هەرێم لەپێناو هەرچی زوو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک و گەنجینەو بەڕێوبەرایەتیەکانی ڕاسپاردووە کە دوای وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق و گواستنەوە بۆ بانکە ئەهلیەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
دوای ڕاگەیاندنی لیستی مووچە کە هەر ئەمڕۆ بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەش کردنی مووچە دەکرێت، لە ڕۆژانی جەژنیشدا دابەشکردنی مووچە لەدوای کاتژمێر ( ١٠ ) ی بەیانیەوە بەشێوەی کاش و لە ڕێگای هەژماری من بەردەوام دەبێت.
بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی پارە لە هەولێرەوە بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و شارو قەزاکان پێویستی باکەتە، بۆیە داوا لە سەرجەم ئەو مووچەخۆرانە دەکەین کە لە خشتەی مووچەدا مووچەکانیان دەکەوێتە ئەمرۆ کە بەشێوەی کاش مووچە وەردەگرن لەکاتژمێر پێنجی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانکەکان بکەن و ئەو مووچەخۆرانەشی لە ڕێی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن لە کاتژمێر سێ بەدواوە دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ( ATM ) ەکان بکەن و مووچەکانیان ڕابکێشن، هەر فەرمانبەرو مووچەخۆرێکیش نەتوانێت لەماوەی ئەو سێ ڕۆژە مووچەکەی وەربگرێت دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام مووچەکەی وەربگرێت.