وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەم بوارانەدا قەدەغەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣ـی ئایاری ٢٠٢٦، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان-عێراق ڕایگەیاند لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان-عێراق و بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان بپارێزێت؛ لەبەرئەوەی هیچ کۆمپانیایەک لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک (USDT) و بازرگانیی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان-عێراق و عێراقی فیدڕاڵ مۆڵەتی فەرمیی نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەم بوارانەدا قەدەغەیە، بۆیە هەر کەس و گروپێک لەژێر ناوی کۆمپانیادا لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە، وە هەر کەسێک مافێکی لای ئەو لایەنانە هەیە کە پێشتر ئەم کارانەیان کردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.