لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا پەیامی سوپاس و پێزانینی دۆناڵد ترەمپی گەیاندە مەسعود بارزانی بۆ ڕۆڵی کاریگەری لە هێنانەدیی ئاگربەست و ڕێککەوتن لەنێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە، هاوکات داوای لێ کرد ڕۆڵی خۆی لە دۆخی عێراقیشدا بگێڕێت.
ئەمڕۆ هەینی، ٣٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان مەسعود بارزانی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری سووریا ئەنجام درا.
لە پەیوەندییەکەدا تۆم باراک بە ناوی خۆی و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی مەسعود بارزانی کرد بۆ ئەو ڕۆڵ و هەڵوێستە بەرچاوانەی لە هێنانەدیی ئاگربەست و پشتیوانیی دیالۆگ لەنێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) خستوویانەتە ڕوو. هەروەها ڕۆڵی مەسعود بارزانی لە هێنانەدیی ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان دیمەشق و هەسەدە بەرز نرخاند.
مەسعود بارزانی وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆکی ئەمریکا و هەموو ئەو لایەنانەی ڕۆڵیان لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکاندا هەبووە، پشتیوانیی خۆیشی بۆ ڕێککەوتنەکەی ئەمڕۆ (٣٠ـی کانوونی دووەم) لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی دەربڕی.
هەروەها تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە تایبەت بوو بە دۆخی عێراق، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا داوای لە مەسعود بارزانی کرد کە لە دۆخی سیاسیی ئێستای عێراقدا ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆی بگێڕێت.
هاوکات مەسعود بارزانی جەختی کردەوە کە مەرجی سەرەکیی سەقامگیری و چارەسەری کێشەکان، جێبەجێکردنی دەستوور و پابەندبوونە بەوەی پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بڕیار لە چارەنووسی وڵات بدەن و سەروەریی عێراق بپارێزن.