دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بەرەنگاری لەگەڵ نەخۆشییەكانی كردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، رێكەوتی 13ـی ئایاری 2025، شێخ مەحمود شێخ ئەحمەد، زانای ئایینی ناوداری نەتەوەی تورکمان لە شاری کەرکووک کۆچی دوایی کرد.
خوالێخۆشبوو شێخ مەحمود ئەحمەد ساڵانێکی زۆر وەک وتارخوێنی مزگەوتی ئاوچی لە موسەڵای شاری کەرکووک خزمەتی کردووە، شێخ مەحمود لە ژیانی ئایینی و ڕۆشنبیری نەتەوەی تورکمان لە کەرکووک پێگەیەکی گرنگی هەبوو.
شێخ مەحمود لە ساڵی 1932 لە گەڕەکی چای لە شاری کەرکووک لە دایک بووە، وەک وتارخوێن لە مزگەوتی ئاوچی دەستی بە خزمەتی ئایینی کردووە، دواتر زیاتر لە 60 ساڵ لە هەمان مزگەوتدا ئیمام و وتاربێژی كردووە، لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا وتاری نەتەوەیی هەبووە و بەهۆی ئەوەی وتارەکانی بە زمانی تورکمانی بووە، چەندین جار زیندانی کراوە و تووشی ئەشکەنجەی جۆراوجۆر بووە.