سامانە سروشتییەکان: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتووەتە ٢٧٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا

سامانە سروشتییەکان: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتووەتە ٢٧٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا

كانونی دووه‌م 15, 2026 10:01
سامانە سروشتییەکان: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتووەتە ٢٧٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا
0

لایک

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق بە وەکالەت، نوێترین زانیاری لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، هەناردەکردن و دانوستانەکانی نێوان هەولێر(ئەربیل) و بەغداد ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە هیچ کێشەیەک لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نەماوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان گەشەسەندنی بەخۆوە بینیوە و ڕۆژانە لە نێوان ٢٥٠ هەزار بۆ ٢٧٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت. سەبارەت بە بڕی هەناردەکراویش، ڕایگەیاند کە لە دوای دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن، تا ئێستا ٢٢ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە کراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ماوەی ڕێککەوتنی سێقۆڵی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کە بڕیار بوو تا ١٢ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بێت، درێژکراوەتەوە بۆ ٣١ـی ئازاری ئەمساڵ. ئەم بڕیارەش بەو مەبەستەیە تا دەرفەت بدرێت بە حکوومەتی داهاتوو بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات.

هەروەها وەزیری سامانە سروشتییەکان جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق کار بۆ دابینکردنی مافە داراییەکان دەکات و هەوڵ دەدات پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦ جێگیر بکات. بۆ ئەم مەبەستەش، حکوومەت لە پەیوەندی بەردەوامدایە و بەرنامەیەکی تۆکمەی ئامادە کردووە تا ببێتە بنەمایەکی سەرەکی لە دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی داهاتووی عێراق.

هاوکات وەزیری سامانە سروشتیەکان، دووپاتی کردەوە کە لە ئێستادا هیچ ئاستەنگ و کێشەیەک لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا نەماوە و پڕۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت.

En az 10 karakter gerekli