چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، عێراق پابەندە بە سەرجەم لێکتێگەیشتن و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان کە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و ناوچەکە رێکدەخات لە ئاستە جیاوازەکانەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگی، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئاستی سەرکردەکانی لە نووسینگەی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد.
ئاماژە بەوە دراوە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسیی و ئەمنییەکان و پرۆژە خزمەتگوزارییە نیشتمانییەکان تاوتوێکراون. هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانەکەی بۆ نیویۆرک بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی خستووەتەڕوو.
چوارچێوەی هەماهەنگی دووپاتیکردەوە، عێراق پابەندە بە سەرجەم لێکتێگەیشتن و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان کە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و ناوچەکە رێکدەخات لە ئاستە جیاوازەکانەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، باس لە دوایین ئامادەکارییەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراوە و چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە فراوانی بەشداری هەڵبژاردن بکەن بۆ تەواوکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگانیان.